بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە کەشوهەوا بە سەقامگیری دەمێنێتەوە، و لە ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگەوە تاوەکو ١٧ی مانگ دوو شەپۆلی نوێی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کەشناسی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا شەپۆلێکی بارانبارینی پچڕپچڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێن هەورەبرووسکە و بارانی بەلێزمە باری، کە زۆرترین ڕێژە لە حاجی ئۆمەران بە ٤.٦ ملم تۆمار کرا.
پێشبینیی پلەکانی گەرما و دۆخی کەشوهەوا:
ئەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتوو: ئاسمان بەگشتی لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەش کەشوهەوا بە سەقامگیری دەمێنێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرما: لە سنووری گەرمیان دەبێت و بە ٣٧ پلەی سیلیزی پێشبینی دەکرێت.
نزمترین پلەی گەرما: لە حاجی ئۆمەران دەبێت و لە نێوان ١٠ بۆ ٢١ پلەی سیلیزیدا دەبێت.
لە لایەکی ترەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوە داوە که لە نێوان ١٢ تاوەکو ١٧ی ئەم مانگەدا دوو شەپۆلی تری بارانبارین ناوچەکە دەگرنەوە، ئەمەش بووژانەوەیەکە بۆ دۆخی کەشوهەوای ناوچەکە لەم وەرزەدا.