لە کاتێکدا پینتاگۆن ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەمریکای لە جەنگی دژی ئێران بە 21 سەرباز دەستنیشان دەکات، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، 18 سەربازیان کوژراون، ئەمەش ناکۆکیی لەنێوان ئیدارەی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پینتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگی جەنگی دژی ئێراندا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای ئەمریکا بۆ 21 سەرباز بەرز بووەتەوە و 865 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێنیسی ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا، 18 سەربازی سوپای وڵاتەکەی کوژراون. ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا ڕێگریی لە ئێران کردووە و ناهێڵێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکی، ناکۆکیی توند لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و پینتاگۆن لەبارەی بەڕێوەچوونی جەنگی دژی ئێران هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی جیاوازی لە بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمیی زیانە گیانییەکان.
شایەنی باسە، لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەماهەنگی هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە. لەو کاتەوە تا ئێستا چەند جارێک هێرشەکان بە شێوەی کاتی ڕاگیراون و دواتر دەستیان پێکردووەتەوە، بەو هۆیەوە ناوچەکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە و گەرووی هورمزیش داخراوە.