وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەرهەڵنەدانەوەى جەنگ بەردەوامە، بەڵام هێزە سەربازییەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژی و هێرشێکی سەربازی.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ هاوتا چینیەکەى ڕایگەیاندووە، لە ڕێگای پەکینەوە دەمانەوێت ئەو پەیامە بە جیهان بگەیەنین کە ئارامیی ناوچەکە گرێدراوی ڕێزگرتنە لە سەروەریی خاکەکەمان، بە پێچەوانەوە ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.
دەشڵێت، هەرچەندە بژاردەی یەکەممان بۆ چارەسەرى گرژییەکان دیپلۆماسییە، بەڵام ئێمە بۆ هەر ئەگەرێکی "دوژمنکارانە" ئامادەین و ڕێگەى وەڵامدانەوەى سەربازیی لەسەر مێزە.