ڕاستەوخۆ

ئێران: ئەمریکا بەشێک لە مەرجەکانی پێشنیازەکەمانی قبوڵ کردووە

reset font size increase font size

محسن ڕەزایی، بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، واشنتن لە وەڵامەکەیدا بەشێک لە مەرجەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان قبوڵ کردووە، بەڵام هەندێک ناڕوونی هێشتا ماون و جەختیشی کردەوە کە گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەمریکا سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات.

ڕەزایی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: "ئێمە حەوت مەرجمان ڕاگەیاندبووە ئەمریکییەکان و گوتمان ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکەن، نە گەرووی هورمزتان بۆ دەکرێتەوە و نە هیچ گفتوگۆیەکیش دەبێت. ئێستا ئەمریکییەکان وەڵامیان داوەتەوە؛ لە وەڵامەکەیاندا بەشێک لە مەرجەکانی ئێمەیان قبوڵ کردووە و لەبارەی هەندێکی دیکەشیان ناڕوونی هەیە."

بەرپرسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا تاران سێ خولی گفتوگۆی لەگەڵ واشنتندا ئەنجامداوە، بەڵام لە هەر خولێکدا ئەمریکییەکان مێزی گفتوگۆکانیان بە نادیاری بەجێهێشتووە و هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو تاران لە حاڵی پێداچوونەوەی وەڵامەکەی ئەمریکایە بۆ پێشنیازی ئاشتیی "پلانە حەوت ڕۆژییەکە" و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمیی خۆیان دەدەنەوە.

مەرجە سەرەکییەکانی ئێران لەم پێشنیازەدا بریتیین لە ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا (لەوانەش لە لوبنان)، هەڵگرتنی سزاکان، دابینکردنی خەرجییەکانی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان؛ لە بەرامبەردا ئەمریکا ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە مەرجی سەرەکیی خۆی دەزانێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.