لە کاتێکدا تەنیا سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیاندا تێدەپەڕێت، ئاگر بەستی نێوان هەردوولا بە تەواوی داڕما و ناوچەکە کەوتە قۆناغێکی نوێی گرژیی سەربازییەوە. سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکادا، دەیان ناوەندی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە کوێت و بەحرەین بۆردومان کردووە.
85 بنکەی سەربازیی ئەمریکا بۆردومان کران
سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندراوێکدا کە میدیاکانی ئەو ولاتە بڵاویانکردۆتەوە دەڵێت: یەکە دەریایی و ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگەی دەیان مووشەک و درۆنی هێرشبەرەوە، هێرشێکی بەرفراوانیان دژی 85 پێگەی سەربازیی واشنتن لە کوێت و بەحرەین ئەنجامداوە و زیانیان پێگەیاندوون. تاران ئەم هەنگاوەی وەک "قۆناغی یەکەمی وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکان" ناوبردووە و ڕاشیگەیاندووە کە توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) لە ئاسماندا تێکبشکێنن.
وەڵامی هێرشەکانی سێنتکۆم لە ناوخۆی ئێران
ئەم پەرەسەندنە توندوتیژە کەمتر لە شەو و ڕۆژێک پاش هێرشە چڕەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دێت، کە ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانەکانی گەرووی هورمز، زیاتر لە 80 پێگەی سەربازیی لە ناوخۆی ئێراندا بۆردومان کردووە، کە سیستەمەکانی بەرگریی ئۆتۆماتیکی، ڕادارەکانی کەناراو و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی گرتووەتەوە.
بۆچی ڕێککەوتنەکە شکستی هێنا؟
"یاداشتنامەی ئیسلامئاباد" کە بڕیاربوو کۆتایی بە شەڕی نێوان واشنتن و تاران بهێنێت، بەهۆی دوو کێشەی سەرەکییەوە جێبەجێ نەکرا:
گرژییەکانی گەرووی هورمز:
ئێران داوای وەرگرتنی سەرانە و باج لەو کەشتیانە دەکات کە بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبن، بەڵام ئەمریکا ئەمە ڕەت دەکاتەوە و بە کارێکی نایاسایی و چەتەگەریی دەریایی لەقەڵەم دەدات.
دۆسیەی لوبنان:
تاران دەڵێت ئەمریکا نەیتوانیوە پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەوەش ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە لایەن ئەوانەوە بە کۆتاییهاتوو هەژمار دەکرێت.