ڕاستەوخۆ

56 زیندانیی لە ئێران دژی سزای لەسێدارەدانیان مانیان لە خواردن گرتووە

reset font size increase font size

کەمپینی "سێشەممەکانی نەخێر بۆ لەسێدارەدان" لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا، رایانگەیاند، 56 زیندانی جیاواز لە ئێراندا دژی سزای لەسێدارەدانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مانیان لە خواردن گرتووە.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە  ئێران لە سەرەتای  بەهاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر زیاتر لە 177 زیندانیدا جێبەجێ کردووە و دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم سزایانەش هێشتا بەردەوامە.

کەمپینەکە هۆشداری دەدات لە دۆخی چوار زیندانیی سیاسیی کە بڕیاری لەسێدارەدان بۆدەرچووە، بە ناوەکانی (عەلی فەتاح، محەممەد نەقیزادە, عەلی کەمالی و پەیمان گەنجی) کە لە زیندانی قزلحەسار ڕاگیراون.

 هەروەها جەخت کراوەتەوە کە زیندانی قزلحەسار یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە پارێزگای تاران و بە "کوشتارگەی حکومەتی" ناوزەد کراوە، کە تیایدا ئەو زیندانیانەی سزای سێدارەیان بۆدەردەچێت دوای گواستنەوەیان بۆ ئەوێ، لەژێر مەترسیی دەستبەجێی جێبەجێکردنی حوکمەکانیاندا دەبن.

ئەندامانی کەمپینی "سێشەممەکانی نەخێر بۆ لەسێدارەدان" داوای ڕاگرتنی خێرای هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک دەکەن و داوا لە سەرجەم "ویژدانە زیندووەکان" و چالاکوانانی سیاسی، مافەکانی مرۆڤ، مەدەنی و سەندیکایی دەکەن کە بە هەر شێوازێک بێت سەرکۆنەی ئەم سزایە بکەن و هەنگاوی جدی بۆ ڕاگرتنی بنێن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەدیهاتنی ئازادی، یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بەبێ دەستەبەرکردنی "مافی ژیان" مەحاڵە.

بۆیە داوا لە سەرجەم نەیارانی سزای لەسێدارەدان کراوە بۆ تێکشکاندنی پێکهاتەی سەرکوتکاری و کۆتاییهێنان بە خولی سەندنی ژیانی مرۆڤەکان یەکڕیزیی خۆیان پێشان بدەن.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی لانی کەم حەوت زیندانیی سیاسیی کورد روو لە زیادبوونە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

لەوانەش پەخشان عەزیزی، حاتەم ئۆزدەمیر و یووسف ئەحمەدی کە حوکمەکانیان لەلایەن دیوانی باڵاوە پشتڕاستکراوەتەوە، لەگەڵ ڕەئووف شێخ مەعرووفی، محەممەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخا کە دۆسیەکانیان لەژێر پێداچوونەوەدایە، و ئارمان ماریفەتی کە لە خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ساڵی 2026 دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانی قزلحەسار لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.