دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێکهێنانی لیژنە تایبەتەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ گوندەکانی سنوری تل تەمر و زرگان لە ڕۆژاڤای کوردستان، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا دەستیان بە تاڵانکردن و سوتاندنی ماڵی ئاوارەکان کردووە.
لە گوندی ئوم شەفای سەر بە شارۆچکەی تل تەمر، کە دەکەوێتە سەر ڕێگای ناحیەی زرگان، خێزانێک دوای حەوت ساڵ ئاوارەیی کاتێک گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، خانووەکانیان وێران کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەکدارەکان نەک تەنیا کەلوپەلی ناوماڵەکانیان تاڵان کردووە، بەڵکو بنمیچی خانووەکانیشیان هەڵکەندووە و پاشان ئاگریان لە خانووەکان بەرداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی گەلی زرگان، لەو ناوچەیەدا 27 گوند داگیرکراون کە 10 گوندیان بە تەواوەتی چۆڵکراون و دانیشتوانەکانیان دەرکراون.
لەلایەکی دیکەوە بوونی بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە زۆربەی ئەو گوندانە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و ناوچەکەی کردووەتە گۆڕەپانێکی سەربازی، کە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی مەدەنی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵک دەکات.