ئەمڕۆ لە مێژوودا ساڵڕۆژی دەستپێکی یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی چەوسانەوەیە دژی ڕەسەنترین پێکهاتەی کوردانی فەیلی سەربە نەتەوەی کورد.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، کوردانی فەیلی، ڕووبەڕووی شاڵاوێکی دڕندانەی دەرکردن و جینۆساید بوونەوە کە تاوەکو ئێستاش ئاسەوارەکانی بە جەستەی نیشتمانەوە دیارە.
مێژووی کوردانی فەیلی لە عێراق، چیرۆکی نەتەوەیەکە لە نێوان بەرداشی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و شێواندنی دیمۆگرافیا ململانێی مانەوە دەکەن. ئەم پێکهاتەیە کە مێژووەکەیان بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 1924 بەهۆی مەزهەبەکەیانەوە وەک "بیانی و سەر بە ئێران" لە ناسنامەی عێراقی بێبەش کران، بەڵام کارەساتە گەورەکە لە نیسانی 1980دا دەستی پێکرد.
لە 4ـی نیسانی 1980ـدا، ڕژێمی بەعس بە بڕیارێک، فەرمانی دەرکردنی زۆرەملێی بۆ سەدان هەزار خێزانی فەیلی دەرکرد بە پاساوی ئەوەی "بیانین و خوێنی عێراقی پیس دەکەن".
لە شاڵاوەکردا، نەک هەر ناسنامە و مافی نیشتمانییان لێ زەوت کرا، بەڵکو موڵک و ماڵیان تاڵان کرا و هەزاران گەنجیان لە زیندانە تاریکەکاندا بێسەروشوێن کران.
ئامارەکان لە بارەی قوربانییەکانی کوردانی فەیلی جیاوازن، خاچی سوری نێودەوڵەتی باس لە 400 هەزار قوربانی دەکات، بەڵام هەندێک سەرچاوەی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار لە کوردانی فەیلی کوژراون یان بێسەروشوێن کراون.
ئەمڕۆ، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هێشتا کوردانی فەیلی لە ململانێدان بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان. زۆربەیان نەیانتوانیوە موڵکەکانیان وەربگرنەوە و هێشتا وەک پێکهاتەیەکی پەراوێزخراو لە ناوچە دابڕاوەکان و هەندەران ژیان بەسەر دەبەن.
کوردانی فەیلی، برینێکی ساڕێژنەبووی جەستەی کوردن کە چاوەڕێی دادپەروەریی مێژوویی و گێڕانەوەی شکۆی خۆیان دەکەن، تا چیتر لەسەر خاکی باوباپیرانیان وەک نامۆ سەیر نەکرێن.