ئەمڕۆ کاروانی پێنجەمی ئاوارەکانی سەرێکانی لە کامپی وەنەد / تەڵایە لە پارێزگای حەسەکە بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن، کە لە 381 خێزان پێکدێن و ژمارەیەکیان کوردن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم کاروانە لەو خێزانانە پێکدێن کە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری سەرێکانی، زڕگان و تلتەمرن و گەڕانەوەیان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمدایە.
پێشتر کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی بڕیاریدابوو کە ڕۆژی دووشەممە ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارە ئیدارییەکان و سەردانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 8ی ئەم مانگە کاروانی چوارەمی ئاوارەکان کە لە 518 خێزان پێکدەهاتن گەڕابوونەوە، و کۆمیتەی ئاوارەکانیش کار دەکات بۆ ئەوەی هەفتانە دوو کاروانی ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.