وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بایەخدان بە ژینگە و جێبەجێکردنی پرۆژەی پاراستنی ژینگە، بڕیاری دا لە ساڵی نوێی خوێندندا 5 نمرە بۆ هەر بابەتێک لەسەر بنەمای چالاکیی ژینگەیی بۆ قوتابیان و خوێندکاران داببنێت.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە، بڕیارەکە بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) دەرچووە و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی لە خۆ دەگرێت، تێیدا 5 نمرە بۆ هەر بابەتێک لە وەرزەکانی خوێندن بۆ پاراستنی ژینگە تەرخان دەکرێت.
وەزارەتی پەروەردە چۆنیەتیی دابەشکردنی نمرەکانی بەم شێوەیە دیاری کردووە:
پۆلەکانی 1 تا 3: 5 نمرەی پاراستنی ژینگە لەسەر چوارەم هەڵسەنگاندنی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم دادەنرێت.
پۆلەکانی 4 تا 12 و سەرجەم قۆناغەکانی پەیمانگاکان: 5 نمرەکە بەسەر هەڵسەنگاندنی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەمدا دابەش دەکرێت.