هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەو دوو حیزبە پێیان وایە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە، دەبێت جورئەتی ئەوە بکەن و لە نزیکترین کاتدا بێن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
هێمن هەورامی لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەختیکردەوە کە دەنگی هاووڵاتییان لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی و ئازاد و بێگەرد و شەفافەوە، تاکە سەرچاوەی شەرعییە بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان.
هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد کە پارتی لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، ٤٠٠ هەزار دەنگ لە پێش دەنگەکانی یەکێتی و نەوەی نوێوە بووە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پرسیارێکی ئاراستەی ئەو دوو حیزبە کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر یەکێتی و نەوەی نوێ پێیان وایە کورسیی یەکسان یان زیاتریان لە پارتی هەیە، بۆچی بە ڕاشکاوی دەستپێشخەری ناکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دانوستانکردن لەسەر هەموو پرسەکان لەناو پەرلەماندا.
ناوبراو پێی وایە هەڵوێستی سیاسی دەبێت لەناو دامەزراوە شەرعییەکاندا یەکلا بکرێتەوە نەک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە.