هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی پەیماننامەی مەککەدا هیچ هێزێکی سەربازی ڕەوانەی عەرەبستانی سەعوودی ناکەن و ڕێککەوتنەکە تەنها لایەنی بەرگریی هاوبەش لەخۆ دەگرێت.
هاکان فیدان، لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی مەجارستان، ئاماژەی بەوە دا که "پەیماننامەی مەککە پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشە نەک پەیماننامەیەکی هێرشکردن؛ هەرکاتێک لایەنێک هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئەندام، ئەوا بە هاوبەشی کار بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتە دەکەین، نەک هێرشکردنە سەر کەس".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستە ڕوو که عەرەبستانی سەعوودی خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی سەربازییە و ئامانج لە هەوڵەکانیان پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی و ڕاوێژکارییە بۆ ئەو وڵاتە، بەتایبەت لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، فیدان ئاشکرای کرد که کارەکانی پەیوەست بەو پەیماننامەیە کۆتاییان پێ هاتووە و ڕەوانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کراوە، و دوای تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ پەسەندکردن دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا.