بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى هەولێر بڵاویکردەوە، بەگوێرەی پێشبنییەکانى کەشناسى هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکى بارانبارین ڕوو لە سنورەکەمان دەکات و بەهۆیەوە ئەگەرى دروستبوونى لافاو هەیە بۆیە داوا لە شۆفێران دەکەین بۆ کارى پێویست نەبێت شەقامەکان بۆ هاتوچۆ بەکارنەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی پلەکانى گەرما لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی دادەبەزن و شەپۆلێکی بارانبارین سنورەکەمان دەگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەری دروستبوونى لافاو لە هەندێک شەقام و گەڕەکەکانی ناوشار هەیە و هەروەها لە ڕێگەکانی دەرەوەی شار بەهۆی نالەباری کەش و هەوا لێخوڕین سەخت دەبێت.
دەشڵێت، داوا لە شۆفێران دەکەین ئەگەر بۆکاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت شەقام و ڕێگەکان بەکار نەهێنن، تاوەکو شەپۆلى بارانبارینەکە کۆتایی پێدێت و کەش و هەوا ئاسایی دەبێتەوە. بۆئەوەی ڕووبەڕووى ڕووداوی نەخوازراو نەبنەوە.