بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووری، کەمبوونی خۆراک و نەبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، نەخۆشیی کەمخوێنی (ئەنیمیا) بە شێوەیەکی مەترسیدار لەناو ژنانی ئەفغانستاندا بڵاوبووەتەوە و ڕێژەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 45%.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغانستان، زیاتر لە نیوەی ژنانی ئەو وڵاتە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و زۆربەیان تەنیا یەک ژەم لە ڕۆژێکدا نان دەخۆن. زۆرێک لەو ژنانە بەهۆی هەژارییەوە ماوەیەکی درێژە گۆشت، میوە و سەوزەیان نەخواردووە.
ئەم دۆخە نالەبارە تەندروستییە و کەمبوونی ماددەی ئاسن، بووەتە هۆی بێهێزی، گێژخواردن و نەمانی وزە لەناو ژناندا، بەجۆرێک تەنانەت ناتوانن کارەکانی ماڵەوە و سەرپەرشتیی منداڵەکانیشیان بکەن.
هاوکات، بڕیارەکانی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی کچان، بارودۆخەکەی خراپتر کردووە؛ چونکە بەو هۆیەوە کچان بێبەش بوون لەو چاودێرییە پزیشکی، دەرمان و کەرەستە خۆراکیانەی کە پێشتر لە قوتابخانەکاندا بە خۆڕایی بەسەریاندا دابەش دەکران.