ئامادەکردنی/ ڕێژنە سەردار
دوو ساڵ لەمەوپێش، کاندیدێكی ڕیفۆرمخوازەکان، بە ناوی مەسعود پزشکیان بە دنیایەک هیوا و بەڵێنی گەورەوە بووە سەرۆک کۆماری ئێران، بەڵام، هێشتا ئاهەنگی سەرکەوتنی نەگێڕابوو، هەموو شتێک تێکچوو، هەر لە مەڕاسمی دەستبەکاربوونەکەیدا، کوژرانی ئیسماعل هەنییە؛ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئاهەنگی گۆڕی بە شیوەن و هەموو هاوسەنگییە سیاسییەکانی گۆڕی و حکومەتی نوێی تاران خستە ناو قەیرانێکی زوو و ناپێشبینیکراودا.
ئەو کاتەی مەسعود پزشکیان بووە سەرۆکی ئێران، زۆرێک لە خەڵکی ئێران هیوایان هەبوو کە سەرۆکی نوێ بتوانێت بەشێک لە کێشە و کۆنەکانی وڵات چارەسەر بکات؛ بەڵام ڕووداوە ناوچەیی و فشاری سیاسی بە زوویی ئەو هیوایانەی خستنە گۆڕەوە.
پزشکیان، کە بنچینەیەکی کورد و ئازەری هەیە، خەڵکی ورمیەیە و و لە شاری مەهاباد لەدایک بووە، پێشتر وەک پزیشک و مامۆستای زانکۆ ناسراو بوو، خوێندنی پزیشکی لە تەبرێز تەواو کرد و دواتر بووە مامۆستای زانکۆ و دکتۆری دڵ.
ژیانی سیاسیی ئەو بە شێوەیەکی هێواش دەستی پێکرد؛ لە سەردەمی سەرۆکایەتی خاتەمی، بووە وەزیری تەندروستی و پاشان ساڵانێک وەک ئەندامی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاری کرد.
ئەو کە بە ڕیفۆرمخوازان دادەنرێت و لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیدا بەڵێنی دا هەوڵ بدات دۆخی ئابوری باشتر بکات و پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ جیهان بگۆڕێت.
سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 وەک سەرۆککۆمار، بۆ زۆر کەس نیشانەی هیوایەکی نوێ بوو، بەڵام ئەو کاتەی دەستبەکاربوو، وڵات لەناو قەیرانێکی قووڵی ئابوری و سیاسیدا بوو، خراپیی بارودرۆخی ئابووری، هەژاربوونی چینی ناوەڕاست، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و فشاری سزا ئابورییە نێودەوڵەتییەکان هەمووی لەسەر یەک کەڵەکە ببوون.
لە هەمان کاتدا، سیستەمی سیاسی ئێران بەجۆرێکە، کە بڕیارە ستراتیژییەکان لە دەستی ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیە نەک سەرۆکۆمار.
پزشکیان، دوای دەستبەکاربوونی، چەند جارێک بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەموو بڕیارێک لە دەستی حکومەت نییە و لە شوێنێکی دیکەوە بڕیارە گرنگەکان دەدرێت.
ئەم قسەیە زۆر لەسەر پزشکیان کەوت، لە لایەک کەوتە بەر لێشاوی هەڕەشەی سیاسییە توندڕەوەکانی ئێران، لەلایەکی دیکەوە خەڵک لە سۆشیاڵ میدیا بۆیان دەنوسی؛ "ئەی ئەگەر دەزانی ئەوەندە بێ دەسەڵاتی، بۆ دەست لەکارناکێشیتەوە؟!
لە چەند گوتارێکیشیدا، پزشکیان دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی، باسی لەوە کرد کە "یاسای حیجابی ئیسلامی نابێت ببێتە هۆی فشارێکی زۆرەوە لەسەر ژنان جێبەجێ بکرێت"، قسەیەک کە لەناو سیستەمی سیاسی ئێراندا بەرەنگاری ڕەخنەی توند بووەە بە گاڵتەجار ناویاندەبرد.
حکومەتەکەی پزشکیان لە لێواری قەیرانێکەوە بەرەو قەیرانێکی دیکە هەنگاوی نا، هێشتا بە چارەسەری کێشە ئابورییەکانی وڵاتەکەی ڕانەگەیشتبوو، ئێران دوبارە بووە مەیدانی ناڕەزایەتییە گەورەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ خۆپیشاندنی جەماوەری لە تاران و شار و شارۆچکەکانی دیکی ئێران دەستیانپێکرد و خەڵک بەهۆی داڕمانی ئابوری و گرانبوونی نرخی ژیان هاتنە سەر شەقام.
لە بەرامبەریشدا، حکومەتەکەی پزشکیانیش، بە هێز و توندوتیژی وەڵامی دانەوە و لە دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا هاتووە سەروو ٧٠٠٠ کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون.
هەرچەندە لە گوتارەکانی خۆیدا، پزشکیان هەوڵی دا خەڵک ئارام بکاتەوە و دیسان کەوتە بەڵێندان بە خەڵک و گوتی کێشە ئابورییەکان چارەسەر دەکات، بەڵام تازە کار لەکار ترازابوو، خەڵک بەجۆرێک توڕەو بێزاربوو کە بەردەوام داوایان لە "ئەمریکا"ی دوژمنی ڕژێم دەکرد بێت و فریایان بکەوێت.
کوشتارێکی بێ شوماری خۆپیشاندەران، بەردەوامی کارکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکان و پیشەسازیی موشەك، دۆخی ئابوری سەخت و هەڕەشە بەردەوامەکانی خامنەیی لە ئیسرائیل و ئەمریکا.
دوای زنجیرەیە دانوستانی بێ ئەنجام لەگەڵ ئەمریکا و دوای دەیان ساڵ هەڕەشە، دواجار هێلکەکە لەسەری حکومەتەکەی پزشکیاندا شکا و هێرش کرایە سەر ئێران و کەوتە ناو شەڕێکی ناوچەی گەورەوە.
لە هیرشێکی گەورە و هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بەرەبەیانێکی زوو ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەی و نزیکەی ٥٠ فەرماندەی باڵای وڵاتەکە کوژران.
لە دوای ئەوەش شەڕێکی فراوانتر دەستی پیکرد و هەزاران هێرش لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا کرا و شەڕەکە پەرەیسەند بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆی کوژرانی سەدان کەس و کۆچکردنی زۆرێک لە دانیشتوانی شارە گەورەکان.
سەرۆکایەتیی پزشکیان، ئێستا لە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێراندایە، قەیرانی ئابوری و شەڕی دەرەکی؛ نەبونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوی وڵاتەکە پیکەوە بونەتە ئەوەی پزشکیان بە "سەرۆکە بێ شانسەکە" ناوببرێت.
ئێستا، پزیشکیان تاکە دەنگە لە ئێراندا باس لە ئەگەری ئاشتی دەکات، لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران و کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای پیشوو، سەرکردایەتی و کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی ئێران زۆر ناڕازین، بەردەوام لە گوتار و چاوپێکەوتن و تویتەکانیاندا، هەڕەشەی توند دەکەن و بەڵینی بەردەوامیی شەڕ دووبارە دەکەنەوە.
هەربۆیە ئێستادا لە ئێران باسێکی کەم لە ئاشتی و ئاشتەوایی دەکرێت، لەنێوان ئەو هەموو توندڕەوەی ئێراندا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران تاکە کەسە داوای ئاشتی دەکات.
هەفتەی رابردوو، لە چاوپێکەوتنێکیدا داوای لێبوردنی لە وڵاتانی دراوسێ کرد و بەڵێنی دا چیتر وڵاتەکەی هێرش نەکاتەوە سەریان و برایەتی بپارێزیت.
بەڵام ٢٤ کاتژمێری نەخایاند سوپای پاسداران دەستیان کردەوە بە هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و گوتیان "شتی وا نییە".
شەوی پێنجشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیكس، پزشکیان نوسیویەتی: "لە ماوەی یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سوڵتانی عومان قسەم کرد، پابەندبونی ئێرانم بە ئاشتییەوە بۆ دووبارە کردوونەتەوە."
پزشکیان دوپاتی کردوەتەوە کە ئەم شەڕە " ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵیانگیرساندووە" نەک ئێران.
ڕێگەشی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە خستوەتەڕوو، کە داننانە بە مافە ڕەواکانی ئێران، قەرەبووکردنەوەی ئەو وێرانکارییانەی کە بەسەر ژێرخانی ئێران و ژیانی گشتی خەڵکدا هاتووە، هەروەها گەرەنتی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ڕێگری دەستدرێژیەکانی داهاتوو بۆسەر ئێرانە.
ئیستا چارەنووسی سیاسی پزشکیان و تەنانەت ژیانیشی دیار نییە، هەرچەندە ئەو هێشتا باس لە ئاشتی و کۆتاییهێنانی شەڕ دەکات، بەڵام پرسیارێک دیتە ئاراوە؛ ئایا سەرۆکێک کە لەناو سیستەمێکی سنووردار و قەیرانێکی قووڵدا دەژیت، دەتوانێت ڕێگایەک بۆ داهاتوویەکی ئارامتر بۆ ئێران بدۆزێتەوە، یان ناوی تەنها وەک "سەرۆکی بێ شانس" لە مێژووی سیاسیی ئێراندا دەمێنێتەوە؟