ڕاستەوخۆ

مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی لیندزی گراهام: گەلی کوردستان هەمیشە پشتگیرییە بەردەوامەکانی لەیاد دەکات

reset font size increase font size

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ کۆچی دوایی لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە و جەختی لە گرنگیی ئەو پشتگیرییە بەردەوامە کردەوە کە گراهام پێشکەشی گەلی کوردستانی کردووە.

مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە (12ی تەممووزی 2026)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لیندزی گراهامم بیست. سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵەکەی، خۆشەویستانی، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و ئەندامانی دەکەم."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پێگەی دۆستانەی ئەو سیناتۆرە کرد و نووسیویەتی: "گەلی کوردستان هەمیشە دۆستایەتی و پشتیوانییە بێپچڕانەکەی ئەو لەیاد دەکات."

لیندزی گراهام کێ بوو؟

لیندزی ئۆلین گراهام لە 10ی تەممووزی 1955 لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا لەدایکبووە. ئەو بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا بەدەستهێنابوو و لە نێوان ساڵانی 1982 بۆ 1988 وەک داواکاری گشتی و پارێزەری سەربازی لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکادا خزمەتی کردووە، تاوەکو لە ساڵی 2015 بە پلەی "عەقید" خانەنشین بوو.

گراهام ژیانی سیاسیی خۆی لە سەرەتای دەیەی نەودەکانەوە دەستپێکرد و لە ساڵی 2002دا بۆ یەکەمجار وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سیناتۆر) هەڵبژێردرا و تاوەکو کاتی کۆچی دوایی لەسەر کورسییەکەی مایەوە.

 ئەو هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە ناوچە ستراتیژییەکانی جیهان و لە واشنتنیش بەوە دەناسرا کە پێوەندییەکی قووڵ و توندوتۆڵی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، بە یەکێک لە بەهێزترین داکۆکیکارانی مافەکانی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە لە قەڵەم دەدرا.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.