سەرۆکی دەستەی گشتی گومرگى عێراق ڕایگەیاند: پلانێکی نوێمان خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە سیمای بازرگانی لە وڵاتەکەمان دەگۆڕێت، هەروەها بڕیاریانداوە لەناو پارێزگاکاندا ناوەندی گەورەی لۆجیستی دروست بکەن.
سامر قاسم سەرۆکی دەستەی گشتی گومرگى عێراق ڕایگەیاند: بەم هەنگاوە عێراق قەرەباڵغی سەر سنوورەکان کەم دەکاتەوە، چونکە دەبێتە هۆى بە یەکگەیاندنی وڵاتانی ناوچەکە.
گوتوشیەتى: چیتر پێویست ناکات بازرگانان لەسەر سنوورەکان لەناو قەرەباڵغیدا بمێننەوە، بەڵکو بارەکانیان بە قوفڵی ئەلیكترۆنی و جی-پی-ئێسەوە دێتە ناو شارەکان.
دەشڵێت: ئەم هەنگاوە تەنها بۆ ناوخۆ نییە، بەڵکو عێراق سیستەمی ترانزێتی نێودەوڵەتیی کارا کردووە و بەهۆیەوە کاڵا لە تورکیاوە بە ناو عێراقدا دەگاتە سعودیە، کوێت و ئوردن، ئەمەش پێگەی ئابووریی عێراق بەهێزتر دەکات.