نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ڕەخنەی لە دواکەوتنی پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان گرت و ڕایگەیاند: پێویستە لایەنی بەرامبەر پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت کە پێشتر درابوون.
کورتولموش ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاربوو دوای جەژنی ڕەمەزان هەنگاوی کردەیی بەرەو پڕۆسەی ئاشتی بنرێت، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکە بەو خێراییە نییە کە چاوەڕوان دەکرا.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی کردەوە، کە دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی گروپە چەکدارەکاندایە.
سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کرد، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە وردی چاودێریی جموجۆڵەکان دەکەن و دەبێت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گروپەکان بە ڕوونی هەستی پێ بکرێت.
کورتولموش هۆشداریدا کە ڕەنگە لایەنی بەرامبەر بیەوێت سوود لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە وەربگرێت بۆ کات کوشتن، بۆیە داوای کرد پرۆسەکە خێرا بکرێت بۆ ئەوەی متمانەی ڕاستەقینە دروست ببێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، دانینا بەوەی پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە و ئێستا نۆرەی هەنگاوی کردەیی یاسایی و سیاسی بنرێت لەلایەن دەوڵەتەوە.