بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی هەنگاو، وەزارەتی هەواڵگری سوپای پاسداران دوو هاوڵاتی زەردەشتی بە ناوی موبەدیار زەردەشتی و مینو میهرەبانی دەستگیرکردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان نازانرێت.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە ڕۆژی شەممە هەریەکە لە هومەن فروهەری و موبەدیار زەردەشتی، لەشاری کرمان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکراون و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕاگوازراونەتەوە.
هاوکات دەشڵێت، مینو میهرەبانی چالاکوانی کلتوری و لێکۆڵەر کە هاوژینى هومەن فروهەرییە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
جێگەی سەرنجە، کە ئەم دوو هاوژینە زەردەشتییە چالاکیی کلتوری و پەروەردەییان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام هەبووە.
تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی ئێران هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم سێ هاوڵاتییە ڕانەگەیاندووە ئەمەش وایکردووە خێزانی دەستگیرکراوان گومانیان لە تەندروستی و چارەنوسییان هەبێت.