ڕاپۆرتی/ بڕوا ستار
خارک، ئەو دورگە بچووکەی کەوتووەتە باکوری کەنداوی فارسەوە، تەنها دورگەیەکی ئاسایی 20 کیلۆمەتر چوارگۆشەیی نییە، بەڵکو دڵی ئابوریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە کاتێکدا جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، پێی ناوەتە قۆناغیکی مەترسیدار، ئەم دورگەیە بووەتە خاڵی لاوازی ستراتیژیی ڕژێمی ئێران و ئامانجێکی گریمانەیی گەورە بە دەست ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 14ی ئازاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی (تروس) ڕایگەیاند، کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سینتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین هێرشە ئاسمانییەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجامداوە و سەرجەم پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لەو دورگەیەدا خاپوور کردووە. بەڵام گوتیشی: بە ئەنقەست بڕیاریداوە دامەزراوە نەوتییەکان نەپێکرێت.
ترەمپ ئەمەی وەک دوایین کارتی هۆشداری بەکارهێناوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە هەوڵ بدات ڕێگری لە هاتووچۆی سەربەستی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بکات، ئەوا دەستبەجێ بڕیارەکەی دەگۆڕێت و ئەو ژێرخانە نەوتییەش لەناودەبات، کە ژێرخانی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

گرنگییە ئابوورییەکانی خارک بۆ کۆماری ئیسلامی
پێگەی ستراتیژی ئابووری دوورگەی خارک بۆ ئێران، لە گرنگترین پیگەکانی ئابووریە ئەو ڕژێمەیە و بە تەواوەتی گرێدراوی ئاسایشی نەتەوەییە. زیاتر لە لەسەدا نەوەدی نەوتی خاوی هەناردەکراوی ئێران لە ڕێگەی دامەزراوە گەورەکانی ئەم دورگەیەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و قووڵایی ئاوەکانی دەوروبەری، لەنگەرگەکانی خارک توانای ڕاگرتنی کەشتیگەلە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکانیان هەیە، کە کەمترین ناوچە لە کەنداوەکەدا ئەو تایبەتمەندییە گرنگەی هەیە.
سەرجەم بۆرییەکانی نەوتی کێڵگە گەورەکانی باشور و باشوری ڕۆژئاوای ئێران دەڕژێنە ناو عەمبارە گەورەکانی ئەم دورگەیەوە، کە توانای هەڵگرتنی دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە. داهاتی ئەم نەوتەش، بەشێکی سەرەکیی بودجەی گشتیی ئێرانە، بەدیاریکراویش ئەو داهاتەی لە دوورگەکەوە پەیدا دەکرێت، سەرچاوەی سەرەکی موچەی فەرمانبەران، هێزە چەکدارەکانە. لەلایەکی ترەوە گرنگی ئەو داهاتە سەقامگیریی بەهای تومەنی ئێرانی تا ڕادەیەک ڕاگرتووە و بودجەی کارە نهێنییەکانی دەسەڵات و پڕۆژە دەرەکییەکانی پێ دابین دەکرێت. ئێران، بەبێ خارک توانای بە بازاڕکردنی بەرمیلێک نەوتی نابێت، کە سەرەڕای قەیرانی دارایی قورس، هێشتا وڵاتەکەی لەسەر پێ هێشتووەتەوە.
کاریگەرییەکانی هێرشی ئەمریکا و وێرانبوونی دورگەکە
ئەگەر بێت و ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ئەم دورگەیە و ژێرخانەکەی (لەنگەرگەکانی بارکردن، وێستگەکانی پەمپکردن و عەمبارەکان) بە تەواوی لەناوببات، گورزەکە بۆ سەر ئابوریی ئێران کوشندە دەبێت. لە یەکەم ساتی لەکارکەوتنی خارکدا، هەناردەی نەوتی ئێران تووشی ئیفلیجییەکی تەواو دەبێت، چونکە خارک، بە نزیکەیی %90 هەناردەی نەوتی ئێرانی پێدا تێدەپەڕێت و کۆگاکانی زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت عەمبار دەکەن. بۆیە ئەمەش بە واتای سفربوونەوەی لەناکاوی سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئەو وڵاتە، داتەپینی تەواوەتی بازاڕەکانی ناوخۆ و داڕمانی خێرای بەهای تومەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.
لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای بێکاری و خراپی باری دارایی کۆمەڵگە، ئەمجارەیان بێکارییەکی گەورە ڕوو لە وڵات دەکات و حکومەت لە ماوەیەکی کورتدا توانای دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکان و پارەدارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت (شارستانی، سەربازی و ئاسایشی) لەدەست دەدات، کە ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەریی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمریکا لە سەرەتادا پێش هێرشکردن، خوازیاری ڕوخانی ئەو ڕژێمە بوو بە دەستی خەڵکەکەی. سەرەڕای ئەوەش، چاککردنەوەی دوورگەی خارگ و دروستکردنەوەی لەنگەرگەکانی، پێویستی بە چەندین ساڵ کات و ملیاران دۆلار هەیە، کە لەژێر بارودۆخی جەنگ و گەمارۆ ئابورییەکانی، گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووی، مەحاڵە.
سیناریۆکانی بەردەم ئێران دوای وێرانبوونی خارک
سەرەرای ئەو فشار و تەنگەژە ئاسایشییەی، کە ئێران بۆ تەنگەی هورمز درووستیکردووە، ئەمجارە کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی ئێران، هەوڵدانە بۆ داخستن یان تێکدانی تەواوەتیی ئاسایشی گشتیی گەروی هورمز، کە نزیکەی لەسەدا بیستی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. تاران هەوڵ دەدات لەرێگەی مینڕێژکردن یان تەقاندنەوەی هەڕەمەکی کەشتییەکانەوە، بازاڕی وزەی جیهانی تووشی شۆک بکات و نرخی نەوت بۆ ئاستێکی چاوەڕوان نەکراو بەرز بکاتەوە، تاوەکو وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ناچار بە وەستاندنی جەنگەکە و پێدانی ئیمتیازات بکات.
هاوکات، ئێران بە دڵنیاییەوە پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی تەواوەتیی تۆڕی میلیشیا نوستووەکانی لە ناوچەکەدا. ئامانج لەمەش کردنە ئامانجی سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەتایبەتی دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو، بۆ ئەوەی پرەنسیپی "یان نەوت بۆ هەمووان یان بۆ هیچ وڵاتێک" جێبەجێ بکات و ڕێگە نەدات تەنها خۆی باجی شەڕەکە بدات.
لە ڕووی ناوخۆیی و چارەسەری کورتخایەنەوە، ئێران هەوڵ دەدات پشت بە لەنگەرگەی دورگەی جاسك ببەستێت، کە دەکەوێتە دەرەوەی تەنگەی هورمز و وەک جێگرەوەیەک ئامادەیکردووە. بەڵام توانای هەناردەکردنی ئەم لەنگەرگەیە سنووردارە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت جێگەی خارگ بگرێتەوە، بۆیە زیاتر وەک کارتێکی لاوازی مانەوەی ڕژێم بەکاری دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، لەوانەیە سەرکردایەتیی ئێران قەیرانەکە بباتە قۆناغێکی ترەوە، ئەویش لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بەربەستە ئەتۆمییەکان و هەنگاونان بەرەو پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ستاندارد و دروستکردنی چەکی ناوەکی، وەک دوایین کارتی فشار و مسۆگەرکردنی مانەوەی ڕژێمەکەی بەکاری بهێنێت.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، ئەم دورگەیە، لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا، 2800 جار بۆردومان کراوە، ئێستاش جارێکی دیکە بووەتە ناوەندیی ململانێیەکی جیهانی؛ شوێنێک کە تێیدا کێڵگە نەوتییەکان، بەندەرە ستراتیژییەکانی وەک ئازەرپاد و کێڵگەی ئەبوزەر، چارەنووسی شەڕ و ئابوریی ناوچەکە دیاری دەکەن.