حکومەتی ئێران کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی دۆخی ئینتەرنێت لە وڵاتدا ئەنجامدا و میدیاکانی ئەو وڵاتەش ئاشکرایان کرد کە پڕۆژەی دووبارە بەستنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی پەسند کراوە.
چوارەمین کۆبوونەوەی ستافی تایبەتی ڕێکخستنی فەزای مەجازی بە سەرۆکایەتیی محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی فەرمی کۆبوونەوەکە، چەندین "بڕیاری گرنگ" لەبارەی دۆخی ئینتەرنێت دراون کە دوای ڕەزامەندیی کۆتایی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بۆ جێبەجێکردن ئاڕاستەی وەزارەتی پەیوەندییەکان دەکرێن.
هەرچەندە وردەکاریی بڕیارەکان بە فەرمی ڕانەگەیێندراون، بەڵام ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی دووبارە بەستنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بە 9 دەنگی بەڵێ پەسندکراوە و نێردراوە بۆ نووسینگەی سەرۆککۆمار.
لادانی سانسۆری یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی حکومەتی پزیشکیان کە هێشتا جێبەجێ نەکراوە؛ بەو پێیەی لە سەرەتای جەنگی ئەم دواییەوە ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لەسەر هاووڵاتیانی ئێران بڕدراوە، تەنیا بۆ ئەو کەسانە نەبێت کە هێڵی تایبەت (ئینتەرنێتی پرۆ)، سیمکارتی سپی، یان هێڵی مانگی دەستکردی "ستارلینک"یان هەیە.
ئەمەش وەک درێژترین پچڕانی بەکۆمەڵی ئینتەرنێت لە مێژوودا دادەنرێت.
هاوکات، ئیحسان چیتساز، جێگری وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران بۆ کاروباری ئابووری دیجیتاڵی، لە وتارێکدا ڕەخنەی توندی لەوانە گرت کە پێیان وایە بە بڕینی ئینتەرنێت دەتوانرێت کۆمەڵگە بەڕێوە ببرێت و ڕایگەیاند، "ئەوانەی وا بیردەکەنەوە، لە ڕاستی جیهانی ئەمڕۆ تێناگەن.
بڕینی ئینتەرنێت زنجیرەیەک قەیرانی ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە دواجار ئاسایشی نیشتمانی لاواز دەکات."
چیتساز جەختیشی کردەوە کە نە ڕێبەرایەتی و نە حکومەتی ئێران ڕێگە نادەن وڵات بەرەو گۆشەگیریی دیجیتاڵی ببرێت.