لەگەڵ چڕبوونەوەی شەپۆلێکی توندی خۆڵبارین کە ئاسمانی سلێمانی داپۆشیوە و ئاستی بینینی بۆ کەمترین مەودا دابەزاندووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی و هاتوچۆی سلێمانی ڕێنمایی بەپەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و دۆخی وریاییان ڕاگەیاند.
تەندروستی سلێمانی جەخت دەکاتەوە، مەترسییەکە ڕاستەوخۆ لە سەر کۆئەندامی هەناسەیە و داوا دەکات، جگە لە کاری زۆر پێویست، ماڵەکانتان جێمەهێڵن؛ دەرگا و پەنجەرەکان بە توندی دابخەن و لە کاتی چوونەدەرەوەدا ماسکی پزیشکی بەکاربهێنن و زوو زوو بیگۆڕن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ پاراستنی چاوەکانیشتان پەنا بۆ چاویلکە و قەترەی شێدارکەرەوە ببەن و لە خوراندنی چاو دووربکەونەوە. ڕاشیدەگەیەنێت، توشبووانی ڕەبۆ و هەستیاریی پێویستە بە بەردەوامی پەمپی ئۆکسجینیان پێبێت و بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە بۆ ڕێگری لە وشکبوونەوەی قوڕگ و بۆرییەکانی هەناسە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هۆشداریی دەداتە شۆفێران کە نالەباریی کەشوهەوا ئەگەری ڕوداوەکانی هاتوچۆ زیاتردەکات. ڕاشیگەیاند، پێویستە تیژڕەوی بۆ کەمترین ئاست دابگیرێت و مەودای سەلامەتی لە نێوان ئۆتۆمبێلەکان دوو هێندە بکرێت.
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، پێویستە شۆفێران دڵنیابن لە کارکردنی فڵچەکان و بوونی ئاوی پێویست لە دەبەی جامەکاندا، لەگەڵ داخستنی تەواوەتی پەنجەرەکانی ئۆتۆمبێل. هاتوچۆ داواشدەکات، لەکاتەکانی شەودا نەرۆنە دەرەوە، چونکە تێکەڵبوونی تاریکی و خۆڵبارین ئاستی بینین بۆ سفر نزیک دەکاتەوە.
هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایدەگەیەنن، پابەندبوون بەم ڕێنماییانە تەنها بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە و داواکارن لە ئەگەری دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نائاسایی، پەیوەندی بە تیمە فریاگوزارییەکانەوە بکەن.