ڕاستەوخۆ

بڕیارێکی حکومەتی نوێی سووریا لەبارەی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە چەند بەشێکی زانکۆدا ناڕەزایەتیی لێدەکەوێتەوە

reset font size increase font size

بڵاوبوونەوەی مەرجەکانی وەرگرتن لە زانکۆکانی سووریا بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، کە تێیدا ژنان لە چەندین بەشی زانستی و ئەکادیمی وەک یاسا، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و کارگێڕی بازرگانی بێبەش کراون، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە و نیگەرانیی لەبارەی مافەکانی ژنان دروست کردووە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی سووریا لە 30ی ئەیلولدا لیستی مەرجەکانی وەرگرتنی بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڵاوکردەوە، کە تێیدا سەرەڕای پشتبەستن بە نمرەی پۆلی ئامادەیی، وەرگرتن لە چەند بەشێکی تایبەت لەسەر بنەمای ڕەگەز سنوردار کراوە و ژنان لە چەند کۆلێژ و پەیمانگەیەک قەدەغە کراون.

بەپێی بڕیارە نوێیەکان، بەشەکانی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە زانکۆی نیشتمانیی نوێی زانستە سەربازییەکان، لەگەڵ بەشەکانی یاسا، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کارگێڕی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی دیمەشق تەنها بۆ ڕەگەزی نێر تەرخان کراون.

هاوکات لە هەندێک پەیمانگەی تەکنیکیشدا، وەک بەشی ڕاگەیاندن لە ئیدلب، ژنان لە خوێندن بێبەش کراون.

لە بەرامبەردا، هەندێک بەش وەک پەروەردەی منداڵان، پەرستاری، مامانی و هەندێک بواری پاراستنی سایبەری بۆ ژنان کراوەن، هەروەها ژنان هێشتا دەتوەنن لە هەندێک زانکۆی دیکەدا وەک زانکۆی دیمەشق درێژە بە خوێندنی یاسا و ئەندازیاری بدەن. سەرەڕای ئەوەی هەندێک لەو قەدەغەکردنانە لە پێشووشدا هەبوون، بەڵام فراوانبوونی بڕیارەکە نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.

ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە و چالاکوانان و نووسەران بە هەنگاوێکی نادادپەروەرانە و ڕێگریکردن لە مافەکانی ژنان ناویان بردووە، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە کانوونی یەکەمی 2024ەوە.

ڕەخنەگران پێیان وایە قەدەغەکردنی خوێندنی یاسا لە ژنان، ئامانج لێی بێبەشکردنیانە لە ناسین و داواکردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا.

شایەنی باسە، پێگەی ژنان لە دەزگا کاتییەکانی سووریادا هێشتا لاوازە؛ هیند کەبوات، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و کار، تەنها ژنە لە کابینەی حکومەتی کاتیدا و لە کۆی 206 ئەندامی پەرلەمانی کاتیش، تەنها 22 کورسی بۆ ژنان تەرخان کراوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.