فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، بەگوێرەی خشتەیەک، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی پابەند دەکرێن بە دابینکردنی کارەبا بۆ هاوڵاتییان لە دوو کاتی جیاوازدا.
قایمقامی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، بەگوێرەی ئەو خشتەیهی دیارییانکردووە، مۆلیدە ئەهلییەکان لە کاتژمێر چواری ئێوارەوە تاوەکو یەکـی شەو کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن.
گوتیشی، بۆ ڕەچاوکردنی کاتی پارشێوی هاوڵاتییان، بڕیاردراوە لە کاتژمێر چواری بەرەبەیان تاوەکو کاتژمێر پێنج و سی خولەکی بەیانی کارەبا بە هاوڵاتیان بدرێت.
بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار و 500 مێگاوات بۆ سێ هەزار مێگاوات کەمی کردووە، ئەمەش بە واتای پەککەوتنی 80٪ـی کارەبای نیشتمانییە.