ڕاستەوخۆ

ئیلهام ئەحمەد وردەکاریی کۆبوونەوەکەی دیمەشق ئاشکرا دەکات

reset font size increase font size

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەری ڕۆژاڤای کوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی 15ـی نیسانی ئاشکرا کرد. 

کۆبوونەوەکە کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، هەریەک لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا تێیدا ئامادە بوون. لە دیدارەکەدا ئاستی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی یەکگرتن و ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لە بەردەم پڕۆسەکەدا هەیە، گفتوگۆیان لە سەر کرا.

ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار، وردەکاری کۆبوونەوەکەی نێوان بەرپرسانی ڕۆژاڤا و دیمەشقی ئاشکرا کرد.

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەمشێوەیە:

 

بڕیاردان لەسەر پرسی پەروەردە

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی کۆبوونەوەکە، سیستمی پەروەردە بووە، چونکە تا ئێستا دان بە بڕوانامەکانی ڕۆژاڤادا نەنراوە. لەم بارەیەوە گوتی، کاتێکی زۆر بەسەر ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئەم بابەتە چارەسەر نەکراوە.

گوتیشی، ڕێککەوتووین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا سەردانی پارێزگای حەسەکە بکەن، بە مەبەستی داڕشتنەوەی میکانیزمێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە. هاوکات کۆبوونەوەی دیکەش بۆ گفتوگۆکردن لە سەر سیستم و زمانی خوێندن ئەنجام دەدرێن و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە دەدرێت.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەری ڕۆژاڤای کوردستان ڕوونیشی کردەوە، هەنگاوە کارگێڕییەکان تا ئێستا تەنیا لە دیاریکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەرتی تەندروستی و پەروەردە کورت بوونەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش دیاری دەکرێن، ئەمە جگە لە داڕشتنی میکانیزمێکی نوێ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی دامەزراندن، لە دامەزراوەکاندا.

 

ڕێڕەوی پرۆسەی یەکگرتن

ئیلهام ئەحمەد گوتی، لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتندا چەند هەنگاوێک نراون، بەڵام پرۆسەکە بە سستی بەڕێوە دەچێت.هەروەها بەرەوپێشچوون لە دیاریکردنی نوێنەرانی ناوچەکاندا بەدەستهاتووە، بەڵام هێشتا هەنگاوی دیکە ماون کە پێویستە لە پرسی دامەزراندنی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بنرێن.

 

دەروازە سنوورییەکان

لە بارەی دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، کە بە یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی پرۆسەی یەکگرتن هەژمار دەکرێت، ئیلهام ئەحمەد ڕوونی کردەوە، میکانیزمی بەڕێوەبردنی دەروازەی سێمالکا و دەروازەکانی دیکە داڕێژراوە و ئەو فەرمانبەرانەش بە ناوی بەڕێوەبەریی خۆسەرەوە کار دەکەن، لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتنەکەدا لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.

 

سەرهەڵدانی کێشەکان

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا باسیان لە دروستبونی چەندین کێشە، لە کاتی جێبەجێکردنی میکانیزمی پڕۆسەی یەکگرتن کردووە. هەر لەم بارەیەوە گوتی، دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، بەشێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان لەلایەن حکومەتی کاتییەوە دیاریکراون، ئەمەش کێشە دروست دەکات و پێویستە ڕێککەوتنی نوێی لەسەر بکرێت.

ڕاشیگەیاند، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا ژمارەیەکی زۆر کادیری هەیە کە نابێت پەراوێز بخرێن و پێویستە بگەینە لێکتێگەیشتن لە بارەی ئەو کەسانەی ئیداەری خۆسەری پێشنیازیان دەکات، لەگەڵ ئەوانەی حکومەتی کاتیی دیارییان دەکات.

هەروەها گوتیشی، "خۆسەری ڕۆژاڤا خاوەنی ئەزمونێکی زۆرە و دەبێت ئەم ئەزمونە لەبەرچاو بگیرێت. لێهاتویی و ئەزمون لە پێوانەکردنی بەرپرساندا زۆر گرنگن. دەبێت گۆڕانکارییەکان لە سەر بنەمای پسپۆڕی بن، لە هەمووشیان گرنگتر خزمەتکردنی کۆمەڵگە و نوێنەرایەتیکردنیەتی، بەتایبەتی کورد، سریان و عەرەب کە پێکەوە لەم ناوچەیەدا دەژین".

 

پرسی ژنان و ئاستەنگەکان

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەری جەختی لەوە کردەوە، پرسی نوێنەرایەتیکردنی ژنان و ئیرادەیان هێشتا کێشەیە و گوتی، لە ناو خۆسەری ڕۆژاڤادا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کار دەکەن. لە ڕووی پێکهاتەییەوە، تاڕادەیەک لێکچوون لە نێوان دامەزراوەکانی خۆسەری ڕۆژاڤا و حکومەتی کاتیی هەیە، بەڵام لە ئاستی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا جیاوازی هەیە.

ئیلهام ئەحمەد هەر لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتندا، ناوی ژنان و پیاوان بۆ پۆستەکان پێشنیاز دەکرێن، بەڵام تا ئێستا تەنیا پیاوان بۆ پۆستەکانی بەڕێوەبەری تەندروستی و پەروەردە دیاریکراون. لەبەر ئەوە، دەبێت بەشداریی ژنان وەک کارێکی لەپێشینە سەیر بکرێت و ڕۆڵێکی گرنگیان پێ بدرێت، بێگومان لەم دۆسیەدا سەختی و ئاستەنگی گەورە هەن".

 

دۆسیەی یەپەژە لە کارنامەدایە

ئیلهام ئەحمەد، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە یەکێکی دیکە لەو پرسانەی بووەتە ئاستەنگ، دۆسیەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ـەیە. لەوبارەیەوە گوتی، "سەرەڕای ئەوەی هێشتا هیچ ئەنجامێکی نوێ لە بارەی یەپەژە بەدەست نەهاتووە، بەڵام دۆسیەکە هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە. هاوکات دانوستانەکان لەسەر بەفەرمیکردنی یەپەژە لە ناو کارنامەی حکومەتی کاتیدا بەردەوامە و تا گەیشتن بە ڕێککەوتنیش بەردەوام دەبێت".

 

نوێنەرایەتیی پەرلەمان

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەری ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێکی دیکە لە دۆسیەکانی پرۆسەی یەکگرتن، هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارێزگای حەسەکە و کۆبانێیە لە پەرلەمانی سوریا. ئاشکرای کرد، کارەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکی ناوەندی و ئامادەکارەوە لە حەسەکە بەڕێوە دەچن و ئەو لیژنەیەش دەسەڵاتی دەستپێشخەریی هەیە.

 

ڕێکخستنەوەی شارەوانییەکان

ئیلهام ئەحمەد باسی لە سیستمی شارەوانییەکانی ڕۆژاڤا کرد و گوتی، شارەوانییەکانی ئێستای ڕۆژاڤا لە ناو سیستمی نوێدا ڕێکدەخرێنەوە، بە شێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەش بە کۆمەڵگە بکرێت. جەختی لەوەشکردەوە، دیموکراسی لە ڕێگەی نوێنەرایەتیکردن و خزمەتکردنی کۆمەڵگەوە گەشە دەکات و ئامادەیی تەواو هەیە بۆ چوونە ناو ئەو قۆناغە نوێیەی کە لە بەردەمیانە.

 

کارەکانی دەستوور

سەبارەت بە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا، ئیلهام ئەحمەد گوتی، "دوای دیاریکردنی نوێنەرانی ڕۆژاڤا لە پەرلەمان، دۆسیەی دەستوور بە شێوەیەکی فراوان دەخرێتە ناو گفتوگۆکان، کوردیش لەناو لیژنەی داڕشتنەوەی دەستووری نوێدا ڕۆڵی دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا سوریا پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە و دەبێت نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا بێت. کوردیش هاوبەشێکی بنەڕەتییە لە بونیادنانی ئەم وڵاتەدا و لە قۆناغی داهاتووشدا ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت".

 

دۆسیەی دیلەکان

ئیلهام ئەحمەد گوتی، دۆسیەی دیلەکان هێشتا دانەخراوە و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەر پێویستیی ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوان لە نزیکترین کاتدا کراوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.