خوشکی گۆڵستان دۆکو لەبەردەم دادگای دێرسیم پەردەی لەسەر ناوی بکوژی خوشکەکەی لادا و کوڕی پارێزگاری پێشووی شارەکەی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی تاوانەکە و شاردنەوەی ڕاستییەکان.
ئایگوڵ دۆکو، خوشکی گۆڵستان، لە لێدوانێکدا لە بەردەم دادگای شارەکە ڕایگەیاند، مستەفا تورکان سۆنەل کوڕی پارێزگاری پێشووی دێرسیم، بکوژی خوشکەکەیەتی.
گولستان دۆکو، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی گەشەپێدانی منداڵ لە زانکۆی مونزور بوو کە لە 5ـی یەکەم مانگی ساڵی 2020ـەوە لە دێرسم بێسەروشوێن کرا.
ئایگوڵ دۆکو بە توندی هێرشی کردە سەر پارێزگاری ئەو کات و بەوە تۆمەتباری کرد، ماوەی حەوت ساڵە خێزانەکەیانی چەواشە کردووە و گوتی، پارێزگار بە ئەنقەست هەموو دەزگاکانی دەوڵەتی بەرەو "پردەکە" ئاڕاستە کرد تا بڵێت گۆڵستان خۆی کوشتووە.
تا ئێستا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، 13 کەس دەستبەسەر کراون. ئایگوڵ ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەسەرکراوەکان کەسانی وەک پۆلیسێکی دەرکراو، کارمەندی حکومی و هاوڕێکانی مستەفا تورکان لەخۆ دەگرێت.
ئەم لێدوانەی بنەماڵەی دۆکو دوای ساڵانێکی زۆر لە بێسەروشوێنبوونی گۆڵستان دێت، کە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە یاسایی و میدیایییەکانی تورکیا و باکوری کوردستاندا لێکەوتووەتەوە.