دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات لە ڕووماڵکردنی گۆڕانکارییەکانی بەهای دینار و بازاڕەکاندا، وردبینی بکەن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی "سەردێڕی هەستیار" و زانیاریی نەپشکنراو بەدوور بگرن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە کە ڕۆژی شەممە بڵاو کرایەوە، داوا کراوە کە ڕووماڵکردنی بڕیاری گۆڕانکاریی لە بەهای دراو و هۆکار و لێکەوتەکانی، هاوسەنگ بێت و جیاوازی لە نێوان ڕاستییەکان و قسە و شیکارە کەسییەکاندا بکرێت.
هەروەها دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە که ئەم ڕێنماییانە بە هیچ شێوەیەک سنووردارکردنی مافی دەزگاکانی ڕاگەیاندن نییە بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ئابوورییەکان یان گەیاندنی نیگەرانی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان.