پۆلیسی دارستانی سلێمانی لە هەڵمەتێکدا بۆ پاراستنی ژینگە، بە تۆمەتی داربڕین دوو کەسیان دەستبەسەر کرد و لە سنوری چەقچەقیش شەش کورەی خەڵوزیان لەناو برد کە زیانی بە سروشتی ناوچەکە دەگەیاند.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردوە، بە تۆمەتی بڕینی دار دوو هاوڵاتی دەستگیرکران و ئۆتۆمبێلێکیش کە ژمارەیەک داری بڕاوەی بارکردبوو دەستیبەسەرداگیرا.
هەروەها ڕاشیگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە سەرپێچیکاران.
پۆلیسی دارستان و ژینگە دەشڵێت، لەلایەکی دیکەشەوە لە سنوری چەقچەق توانرا شەش کورەی خەڵوزکردن تێکبدرێت، هاوکات دەستگیرا بەسەر ژمارەیەك داری بڕاوەدا.
پۆلیسی دارستان جەخت دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ناوچە سروشتییەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان.