ڕوسیا و ئۆکراین سەربازە دیلەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن و ڤلادیمێر پوتنیش ڕایگەیاند: ئەو شەڕەی هەیە تەنها پەیوەندی بە مۆسکۆ و کێیڤەوە هەیە، دەشڵێت: لەگەڵ ئێران متمانەی تەواویان بە یەکترە.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕادەستکردنی ناوی 500 سەربازی ئۆکراینیی بە حکومەتی کێیڤ ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا پڕۆسەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی شەڕە لە چوارچێوەی ئاگربەستێکی سێ ڕۆژەی پێشنیازکراوی دۆناڵد ترەمپدا، هەروەها ڕوسیا بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوەی لێدان و دنەدانەکانی ئۆکراین و ئەوەی هەیە تەنها بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانە.
سەرۆکی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد: ڤۆڵۆدیمێر زیلنسکی چەندین جار داوای دیداری ڕاستەوخۆی کردووە، ئەویش وەک سەرۆکی ڕوسیا هیچ کات ڕەتی نەکردووەتەوە دیداری لەو شێوەیە ئانجامبدات، ئەگەریش زیلینسکی پێداگرە لەسەر ئەو بابەتە با بێتە مۆسکۆ یان وڵاتێکی سێهەم و مەرجیشە ئامانجەکە واژۆکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی بێت نەک تەنها گفتوگۆکردن، چونکە دەکرێت گفتوگۆکان نەگەنە ئەنجام.
ڤیلادیمێر پوتن لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: سەرباری پێزانینیان بۆ هەر هەوڵێکی ئەمریکا یان وڵاتێکی دیکە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن ئەو شەڕەی هەیە وەستان و بەردەوامییەکەی تەنها پەیوەندی بە دوو وڵاتەکەوە هەیە نەک کەسی دیکە، ئێستاش ململانێکان لەگەڵ ئۆکراین نزیکن لە کۆتایی.
لەبارەی پرسی ئێرانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد: لەگەڵ ئێران متمانەیەکی پتەویان بە یەکتری هەیە و تاران باوەڕی تەواوی بە ڕوسیا هەیە لە پرسی ئەتۆمدا، مۆسکۆش ئامادەیی خۆی بۆ هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دەربڕی کەچی دواتر دۆناڵد ترەمپ و لایەنی ئەمریکیی هەڵوێستی خۆیان گۆڕی، ئێستاش ئەگەر پرسی گواستنەوەی یۆرانیۆم هەبێت ئێران پێویستی بە وڵاتێکی دۆستە و ڕوسیاش هەمان ئامادەیی هەیە.