هۆشداریی دەدرێتە هاوڵاتییان کە بەڕێگەی نایاسایی نەچنە حەج و گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم دەڵێت، سزای ئەو کەسانەی رێگەی نایاسایی بەکار دەهێنن تا 40 ملیۆن دینار دەڕوات.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی گەشت بۆ ئەو کەسانەی ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن بەردەوامە. گوتیشی، ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی چوونیان هەیە خزمەتگوزاریی بەردەوام و پێویستیان پێشکەش دەکرێت، بەڵام ئەو کەسانەی بە نایاسایی سەردانی حەج دەکەن، لە سعودیە ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بە نایاساییی ئەم گەشتە ئەنجام دەدەن، جگە لەوەی لە بوونی خزمەتگوزارییەکان بێبەش دەبن، بەهۆکاری نەبوونی مۆڵەت تووشی سزای یاسایی توند دەبن.
لە بارەی جۆری سزاکانەوە ڕایگەیاند، سزای دارایی لە نێوان هەشت بۆ 40 ملیۆن دینار دەبێت. هەروەها بە پێی ئەو ئاگادارییانەی کە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڵاویکردوەتەوە، لەگەڵ سزای دارایی، کەسی سەرپێچیکار بۆ ماوەی 10 ساڵ ناتوانێت گەشت بۆ سعودیە ئەنجام بدات.