وەزارتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، دیاریکردنی بەشەخۆراک پەیوەندیی بە توانای داراییەوە هەیە و ڕەنگە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری لەسەر دابینکردنی بەشەخۆراک هەبێت.
محەمەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی ڕاگەیاندووە، بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی لە ژیاندا نەماون لە پسوڵەی ئەلیکترۆنی خۆراکدا بە کردەیی جێبەجێکراوە و ئێستاش لابردنی بڕین و زیادکردنی منداڵ چالاککراوە.
دەشڵێت، ئامادەیی تەواو هەیە بۆ چالاککردنی خزمەتگوزارییەکانی جیاکردنەوە و گواستنەوەی بەشەخۆراک دوای یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانیان، کە پڕۆسەکە بۆ هاوڵاتییان تەنیا یەک هەفتەی پێدەچێت لەڕێگەی ئەپڵیکیشنی تایبەت بە بەشەخۆراک و تێچوەکەشی سێ بۆ چوار هەزار دیناری عێراقیی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دابینکردنی بەشەخۆراکی ساڵانە بەگوێرەی بودجە و دارایی بەردەستی وەزارەتی بازرگانییە و ساڵانە هەشت بۆ نۆ بەشە، بەڵام دۆخی قەیراناویی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر عێراق هەبووە و دوور نییە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەری لەسەر دابینکردنی بەشەخۆراک دروستبکات.