هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی عەرەبستانی سعودیە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی فراوانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام دا و ڕایگەیاند کە توانپوویانە ١٣٦ ئامانجی سەربازی بپێکن.
عەقید تورکی مالکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان خەریکی جێبەجێکردنی چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەربڵاون دژی مۆڵگە و کەرتە سەربازییەکانی حوسییەکان لەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە.
ئەم لێدانە ئاسمانییانەی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کاتێکدایە کە سوپای حکومەتی شەرعیی یەمەن ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لەژێر ناوی "بەرەبەیانی یەمەن" ڕاگەیاندووە، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوە و وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.